خانه / اخبار و رویدادها / شیعر و وێناكردن

شیعر و وێناكردن

شیعر و وێناكردن

سه‌دیق سه‌عید رواندزی

هه‌موو ئه‌و دیمه‌ن و وێنانه‌ی ده‌یانبینین و به‌ریان ده‌كه‌وین دواجار وێناكردنێكیان له‌ هزر و خه‌یاڵی ئێمه‌دا ده‌بێت و ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ یاده‌وه‌ریمان و ده‌شێ له‌ ساتێكدا بیرمان بكه‌ونه‌وه‌. ئه‌و وێناكردنه‌ی مه‌تریاله‌كان ده‌ره‌نجامی ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتن و بینینه‌یه‌، كه‌ له‌ چركه‌یه‌كی راگوزه‌ردا، ده‌یبینن و وێنای ده‌كه‌ین. گۆران كاتێ گه‌شت بۆ هه‌ورامان ده‌كات، ئه‌و گه‌شته‌ی ده‌بێته‌ هه‌وێنی شیعرێك و شیعره‌كه‌ به‌رهه‌ستی ئه‌و بینینه‌یه‌، كه‌ گۆران له‌گه‌ڵ ژینگه‌ و سروشتی ئه‌وێدا هه‌یه‌تی. ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌شته‌ نه‌بوایه‌، ئه‌و وێناكردنه‌ نه‌ده‌بوو. هه‌موو ئه‌و دیمه‌ن و وه‌سفانه‌ی له‌و شیعره‌دا بۆ شوێن و جێگه‌ و ماڵ و ژینگه‌ سروشتی و جوگرافییه‌كه‌ كراون، له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ واقیعدا هه‌ن و گۆران له‌ وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی شیعریدا به‌رهه‌میان دێنێته‌وه‌. بۆیه‌ كاتێ شیعره‌كه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، سه‌رنجمان ده‌چێته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و فه‌زاو پێكهێنه‌رانه‌ی له‌ جوگرافیای ئه‌و شوێنه‌دا هه‌یه‌ و وێناكردنێكمان به‌ خه‌یاڵ بۆ ئه‌و شوێنه‌ لا دروست ده‌بێت، ئه‌مه‌ وێناكردنی مه‌تریاله‌كانه‌، له‌ وێنه‌یه‌كی واقیعی بۆ وێنه‌یه‌كی شیعریی و خه‌یاڵی، كه‌ وێناكردنی خه‌یاڵی ئێمه‌یه‌ بۆ شوێن و شته‌كان، به‌ڵام كاتێ وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵی له‌ شیعردا ده‌بینین، زۆر به‌ ئه‌سته‌م ئه‌و هه‌سته‌مان لا دروست ده‌بێت، كه‌ وێنه‌ خه‌یاڵییه‌كه‌ ته‌رجه‌مه‌ی واقیع بكه‌ین و له‌ ئاستی واقیعدا وێنای  بكه‌ین. بۆیه‌ وێنه‌ و دیمه‌نه‌كان له‌ شیعردا، هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندییان به‌و ساته‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ خوێنه‌ر له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كه‌ و دوای ئه‌وه‌، وێنه‌كان كاڵ ده‌بنه‌وه‌ و نامێنن. چونكه‌ ئێمه‌ هه‌ر ته‌نها به‌ خه‌یاڵ، ئه‌و وێنایه‌ ده‌كه‌ین و ناتوانین له‌ ئاستی واقیعیدا، بیبینین و به‌ریبكه‌وین، به‌ڵام كاتێ شاعیرێك له‌ ئه‌زموونی شیعری خۆیدا، ئه‌و هه‌سته‌مان لادروست ده‌كات، كه‌ وێناكردنه‌كه‌ له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بگوازینه‌وه‌ واقیع، بێگومان ئه‌و كات، ئه‌و وێناكردنه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ شیعردا نییه‌، به‌ڵكو له‌ ئاستی واقیعیشدا وا هه‌ست ده‌كه‌ین له‌ نێو دیمه‌ن و وێنه‌كان داین. له‌ شیعره‌كانی (بێكه‌س حه‌مه‌ قادر)دا، خوێنه‌ر زۆر جوان ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروست ده‌بێت، هه‌ستێك كه‌ سه‌ره‌تا له‌ په‌یوه‌ندی نێوان خوێنه‌ر و شیعر به‌ هۆی كرده‌ی خوێنه‌وه‌وه‌ دروست ده‌بێت، دواتر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ خه‌یاڵییه‌ ده‌پچڕێت و خوێنه‌ر خۆی ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ دیمه‌نه‌كان. ئه‌و وێناكردنه‌ له‌ شیعردا، ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك خوێنه‌رێك هه‌ستم پێكردبێت، زۆر جوان و كاریگه‌ر له‌ شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌دا ده‌كه‌ونه‌ به‌رچاو. بێكه‌س وه‌ختێك له‌ شیعردا، وێنای شوێن یان مه‌تریالێكمان بۆ ده‌كات، له‌ بنه‌ڕه‌تدا وێناكردنه‌كه‌ له‌ واقیعه‌وه‌ نه‌هاتۆته‌ نێو شیعر وه‌ك گه‌شته‌كه‌ی گۆران، به‌ڵكو وێناكردنه‌كه‌ له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ ده‌بێته‌ واقیع و ئه‌و هه‌سته‌ لای خوێنه‌ر دروست ده‌بێت، كه‌ دیمه‌نه‌كان، له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بكاته‌ واقیع. بۆیه‌شه‌ كه‌ شیعره‌كانی ده‌خوێنینه‌وه‌، فه‌زاو پێكهاته‌ی شوێنه‌كان، له‌ پێكهاته‌یه‌كی خه‌یاڵی و شیعرییه‌وه‌، ده‌بنه‌ واقیع و وا هه‌ست ده‌كه‌ین، ئه‌وا ئێمه‌ین له‌ نێو رووداوه‌كان داین. ئه‌و هێزی گۆڕینه‌ی وێنه‌یه‌، له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بۆ واقیع، به‌شێكه‌ له‌و بونیاده‌ هونه‌رییه‌ی وێنه‌ی شیعری ئه‌و شاعیره‌ پێكده‌هێنێت. من هه‌ر كاتێك شیعره‌كانی ده‌خوێنمه‌وه‌، ئه‌و هه‌سته‌م لا دروست ده‌بێت، كه‌ وێنه‌ و ده‌ربڕینه‌ شیعرییه‌كان، له‌لام هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ ده‌بنه‌ واقیع، ئه‌گه‌رچی له‌ وێنه‌ی دووه‌میشیان هه‌ر خه‌یاڵه‌، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، خوێنه‌ر ئه‌و وێناكردنه‌، ده‌كاته‌ فه‌زا و شوێن واقیع و ئیدی وێنه‌یه‌كی نا به‌رجه‌سته‌ دروست ده‌كات. واتا رۆڵێك ده‌بینێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نێو رووداوه‌كاندابێت. بێكه‌س له‌ وێنه‌یه‌كی شیعری جواندا، ژن هاوتای هه‌موو گه‌ردوون ده‌كات و ده‌ڵێت:
رۆیشتنی ژن
وه‌ك كۆتا ساتی دنیایه‌.
ئه‌گه‌ر بڕیار بێت نه‌گه‌ڕێته‌وه‌
هێور هێور ده‌ڕوات و ئاوڕ ناداته‌وه‌

پایه‌یه‌كی هێنده‌ به‌رزی به‌ ژن داوه
كاتێ ئه‌و وێنه‌ شیعرییه‌ دێته‌ خه‌یاڵمانه‌وه‌، ناڕاسته‌وخۆ ساته‌كانی كۆتاییهاتنی دنیامان دێته‌ به‌رچاو، له‌وێوه‌ وێنه‌یه‌كمان بۆ ئه‌و رۆژه‌ ده‌بێت و په‌یوه‌ندیمان به‌ شیعره‌كه‌ ده‌پچڕێ و هه‌ستێكمان لادروست ده‌بێت، كه‌ كۆتا هاتنی دنیا، روویداوه‌ و ئێمه‌ش له‌ نێویداین، نازانین چی بكه‌ین، ده‌په‌شۆكێین و بیری ئازیزانمان وچاره‌نووسمان ده‌كه‌ین. به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م وێنه‌یه‌كی شیعری دانین، به‌ڵكو له‌ ساته‌كانی رووداوێكی واقیعیداین، ئه‌ویش كۆتا هاتنی دنیایه‌. به‌مه‌ش پێكهاته‌ و فه‌زاو ماتریاله‌كان، له‌ شیعره‌وه‌ ده‌بنه‌ واقیع و به‌كرده‌یی ئێمه‌ له‌ ساتی كۆتا هاتنی دنیاداین. ئه‌م جۆره‌ له‌ هه‌ستكردن و به‌ركه‌وتن به‌ وێنه‌ شیعرییه‌كان، به‌ بڕوای من به‌ شێكه‌ له‌و هێز و ئیحای شیعر نووسینه‌ی له‌په‌راوێزی گه‌مه‌ی زمان و وێنه‌ی شیعریدا، لای ئه‌م شاعیره‌ هه‌یه‌، چونكه‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن له‌ شیعری شاعیرانی دیكه‌دا، ئه‌و هه‌سته‌مان لادروست ده‌بێت، كه‌ وێنه‌ شیعرییه‌كان و رووداوه‌كانی نێو ده‌قی شیعریی، له‌ وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵییه‌وه‌، بكه‌ینه‌ وێنه‌یه‌كی واقیعی. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، گه‌ر سه‌رنج له‌و كۆپله‌ شیعره‌ بده‌ین، ده‌بینین بێكه‌س پایه‌یه‌كی هێنده‌ به‌رزی به‌ ژن داوه‌، كه‌ یه‌كسانی كردووه‌ به‌ دنیا، واتا رۆیشتن و دابڕانی ژن، كۆتایی دنیایه‌. وێنه‌ی ژن لای ئه‌و، وێنه‌ی مرۆڤێكی به‌رز و جوان و گه‌وره‌یه‌، نه‌ك وێنه‌یه‌كی ئیرۆتیكی رووت، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای هه‌ندێك شاعیر هه‌یه‌. ئه‌و هاوتاكردنه‌ی بوونی ژن به‌ بوونی دنیا، بێگومان ره‌نگدانه‌وه‌ی دنیابینی شاعیره‌ بۆ ژن وه‌ك مرۆڤێك و شكۆمه‌ندێك، كه‌ هێزێكی ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ر و گه‌وره‌ و روخێنه‌ری هه‌یه‌، هه‌ر كاتێك كرده‌یه‌ك بكات، ده‌توانێت له‌گه‌ڵ خۆشیدا دنیا كۆتایی پێبهێنێت. شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی دینامیكی له‌ نێوان وشه‌ و وێنه‌ شیعرییه‌كان دروست بكات و رۆیشتنی ژن و كۆتایی هاتنی دنیا له‌ رووی زمانی و بابه‌تییه‌وه‌ یه‌كانگیر بكات له‌گه‌ڵ رۆیشتنی ژن، ئاگایانه‌ (كۆتایی دنیا) له‌ بری (خاپووربوونی دنیا) به‌كاردێنێت. له‌ كرده‌ی یه‌كه‌مدا، رووداوه‌كه‌، دراماتیكییانه‌ روونادات، به‌ڵكو له‌سه‌رخۆیه‌، چونكه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو كۆتایی هاتنێك، خێرا بێت وه‌ك خاپوور بوون، بۆیه‌شه‌ شاعیر كۆتا ساتی دنیای نووسیوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رووی زه‌مه‌نییه‌وه‌، ئه‌وساته‌ هێواش و له‌سه‌ر خۆیه‌، یه‌كبگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێوریه‌ی رۆریشتنی ژن، كۆتا له‌ بری خاپوور بوون به‌كاردێنێت. وێرای ئه‌مه‌ش ده‌شێ رۆیشتنی ژن، ئاسه‌وارێكی ده‌روونی خراپ، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر و هه‌ندێ جار تا كۆتایی ژیانیش، له‌ سه‌ر مرۆڤ جێبێڵێت. بێكه‌س له‌ شیعرێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:
پێكه‌وه‌ نووسراوی سه‌ركێلی قه‌برێكمان خوێنده‌وه‌
رۆژی له‌ دایكبوون و
رۆژی مردنی نه‌نووسرابوو
ئه‌و ده‌ڕواو من جوان جوان
ته‌ماشای رێگا رۆیشتنی ده‌كه‌م

گه‌مه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر
له‌ ده‌سپێكی شیعره‌كه‌دا، شاعیر ده‌مانباته‌ نێو گۆڕستان و ئه‌و هه‌سته‌مان لادروست ده‌كات، كه‌ له‌ نێو گۆڕستانین، كیڵی گۆڕێك سه‌رنجمان راده‌كێشێت، كه‌ هیچ ناونیشانێكی نییه‌ و به‌مه‌ش فه‌زای گۆڕستان له‌ بیر ده‌كه‌ین و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌مان لادروست ده‌بێت، ئه‌م گۆڕه‌ بۆچی هیچ ناونیشانێكی نییه‌، تۆ بڵێی ئه‌ویش یه‌كێك نه‌بێت، له‌و هه‌موو قوربانییانه‌ی به‌ ناوی شه‌ره‌فه‌وه‌ ده‌كوژرێن و شاره‌وانی ژێر گڵیان ده‌كات؟ ئه‌و مرۆڤه‌، بۆچی ئه‌مه‌ چاره‌نووسی بووه‌؟ له‌ رێگه‌ی وێناكردنی گۆڕستانه‌وه‌، شاعیر ئێمه‌ ده‌كاته‌ به‌شێك له‌ شوێن و پێكهاته‌ی گۆڕستان و له‌ نێو كه‌شی ئارامی، رامان و ترس، هاوكات پرسیار له‌ مه‌رگ رامان ده‌گرێت. دواتر له‌ پڕ شاعیر فه‌زای گۆڕستان به‌ خێرایی له‌ بیر ده‌كات و سه‌رنجمان ده‌خاته‌ سه‌ر ئاراسته‌ی رۆیشتنی ئه‌ویتر. ئه‌م جۆره‌ گه‌مه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر له‌ رێی وێنه‌ی شیعریی و په‌رتكردنی هزر و رامانه‌كانی، یه‌كێكه‌ له‌و خاسیه‌ته‌ شیعرییانه‌ی، هه‌میشه‌ له‌ شیعره‌كانی بێكه‌س هه‌ستم پێكردووه‌ و ده‌یبینم. هه‌رگیز ئێمه‌ تا سه‌ر، له‌نێو یه‌ك فه‌زاو شوێنی دیاریكراو، له‌ نێو شیعرێكی بێكه‌س نامێنینه‌وه‌، بێكه‌س چونكه‌ شیعر وه‌ك رووداو، هاوشێوه‌ی سێ به‌شی شاعیرانی كورد نابینێت، ئیدی رووداوه‌كانی نێو خه‌یاڵی شیعرییانه‌ی خۆی، ده‌كاته‌ رووداوی شیعریی و وامان لێ ده‌كات كه‌ به‌ ته‌نها روانینمان له‌ سه‌ر فه‌زایه‌ك و رووداوێك نه‌بێت. له‌ پڕ رۆیشتنی ئه‌و له‌ گۆڕستان، به‌ شێوه‌یه‌كی دراماتیكی، خه‌یاڵه‌كانی ئێمه‌ش ده‌بات و نه‌ گۆڕستان، نه‌گۆڕه‌ بێ ناونیشانه‌كه‌شمان بیر نامێنێت، بۆیه‌ رۆیشتنی ئه‌و ده‌بێته‌ رووداوێك و خه‌یاڵمان ده‌بات و ده‌مانه‌وێت سۆراغی ئه‌و رۆیشتنه‌ بكه‌ین. ئه‌و پچڕاندنه‌ له‌ وێنه‌ شیعرییه‌كان، له‌ زۆربه‌ی شیعره‌كان هه‌ستی پێده‌كرێت. سه‌ره‌تا ئێمه‌ ده‌چینه‌ نێو فه‌زای شیعرێكه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ دیمه‌ن و وێنه‌كان ئاوێته‌ ده‌بین، له‌ پڕ شاعیر وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی شیعری ده‌خوڵقێنێت و خه‌یاڵمان له‌سه‌ر دیمه‌نه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ دیمه‌نێكی دیكه‌. وه‌ك چۆن له‌ هونه‌ری سینه‌مادا، مۆنتاج و كۆلاجكرنه‌وه‌ی وێنه‌كان هه‌یه‌. ئه‌م ته‌كنیكه‌، له‌ چیڕۆك و رۆماندا بڵاوه‌، به‌ڵام زۆر به‌كه‌می له‌ ئه‌زموونی شیعری شاعیران ده‌بینرێت، چونكه‌ تۆپۆگرافیای ده‌قی شیعریی و وێنه‌ شیعرییه‌كان، یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن و هه‌موویان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی گشتی پێكده‌هێنن، به‌ڵام له‌ شیعری بێكه‌سدا، وێنه‌كان له‌ گشته‌وه‌ ده‌بنه‌ به‌ش و ناچارین هه‌ر به‌شه‌ و به‌ جیا ببینین و بیخوێنینه‌وه‌. ئه‌م گه‌مه‌یه‌ له‌ شیعردا،  ده‌توانم به‌گه‌مه‌ی زمان و وێنه‌ شیعرییه‌كان ناو به‌رم، به‌و مانایه‌ی شاعیر نایه‌وێت له‌ یه‌ك كاتدا، خه‌یاڵ و بینینی له‌ سه‌ر دیمه‌نێك و وێنه‌یه‌ك بهێڵێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێ باكگراوه‌ند و پێكهێنه‌ره‌كانی دیكه‌ی پشت وێنه‌ گشتییه‌كه‌ش ببینین. بێكه‌س له‌ شیعرێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:
ئێواره‌ی كۆتایی ساڵه‌
ژماره‌یه‌كی دی دێته‌ سه‌ر ته‌مه‌نم
هێشتا دڵم خۆشه‌ كه‌ هه‌م
مێزێكی بازنه‌یی رازاوه‌ته‌وه‌
ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ هێمنی به‌ڕێوه‌ ده‌چێ
من چاو ده‌گێڕم تۆ نیت

شیعری بێكه‌ش، سه‌وداكردنه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌و وێنه‌، نه‌ك وشه‌ به‌ته‌نها، به‌و مانایه‌ی ئێمه‌ هه‌ر ته‌نها به‌ر وشه‌كان ناكه‌وین، به‌ڵكو به‌ر ئه‌و وێنه‌ خه‌یاڵیانه‌ش ده‌كه‌وین، دواتر هه‌مان ئه‌و وێنانه‌ له‌ خه‌یاڵی ئێمه‌دا ده‌بنه‌ واقیعێكی نابه‌رجه‌سته‌یی و وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، ئیدی ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شیعر له‌ نێو رووداوه‌كان بین و به‌ر وێنه‌كان بكه‌وین. له‌و كه‌ كۆپله‌ شیعره‌دا، شاعیر سه‌ره‌تا ئێمه‌ ده‌باته‌ نێو فه‌زایه‌كی ئاهه‌نگییانه‌، هه‌مووان له‌ هۆڵێك كۆبوونه‌ته‌وه‌، ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ هێمنی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌میش چاو له‌و ده‌گێڕێت و نایبینێت. له‌ كاتێكدا خه‌یاڵی هه‌موومان رۆچووته‌ نێو ئاهه‌نگه‌كه‌ و له‌ نێو ساته‌ خۆشه‌كاندا ون بووین، كه‌چی له‌ پڕ شاعیر سه‌رنج و خه‌یاڵمان له‌ سه‌ر ئاهه‌نگه‌كه‌ لاده‌بات و به‌ره‌ و وێنه‌یه‌كی دیكه‌مان ده‌بات، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌یه‌. له‌ نه‌بوونی ئه‌ودا، كه‌ چاوی لێ ده‌گێڕێت و دیارنییه‌، ئیدی ئاسكێك له‌ نێو شاشه‌ی تیڤییه‌كه‌دا، له‌ پڕ ده‌رده‌كه‌وێت، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان شاعیر ده‌ڵێت:
هۆڵه‌كه‌ كش و مات ده‌بێت
ئاسكێك له‌ شاشه‌كه‌دا
خێرا خێرا ڕاده‌كات


رێزی وشه‌ و شیعر و خوێنه‌ر ده‌گرێت

 له‌ فه‌زای ئاهه‌نگسازییه‌وه‌، شاعیر له‌پڕ خه‌یاڵی ئێمه‌ ده‌باته‌ سه‌ر ئاسكێك، له‌ خه‌یاڵ و بیری ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ ئاسكه‌، به‌ڵام له‌ خه‌یاڵ و چاوی شاعیردا، ئه‌مه‌ ئه‌وكه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاهه‌نگه‌ا نییه‌ وچاوی لێ ده‌گێڕێت و یار نییه‌. له‌ نائاماده‌یی ئه‌و به‌ واقیعی له‌ هۆڵه‌كه‌دا، ئیدی ده‌یكاته‌ خه‌یاڵ و وه‌ك ئاسكێك كه‌ رام ناكرێت و سڕك و بزێوه‌، ده‌بێته‌ وێنه‌ی نێو شاشه‌یه‌ك و كه‌سمان هه‌ڵ و ئاهه‌نگه‌كه‌مان بیر نامێنێت و ده‌بێ یه‌كڕاست سه‌رنج بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و ئاسكه‌ی كه‌ له‌ ه‌ره‌وه‌ی فه‌زای ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌تیایداین. واتا له‌ نێو شوێنی راسته‌قینه‌و فیزیكی نێوهۆڵه‌كه‌دا، ده‌چینه‌ شوێنی خه‌یاڵی و نێو شاشه‌كه‌. واجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ بیست ساڵ زیاتره‌، شیعری بێكه‌س ده‌خوێنمه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی ئه‌و بیست ساڵه‌دا، له‌ یه‌ك وشه‌ و ده‌ربڕین و وێنه‌ی شیعریدا، به‌ر زمان و ده‌ربڕینێكی ناشیعری نه‌كه‌وتووم. بێكه‌س له‌و شاعیرانه‌یه‌، كه‌ رێزی وشه‌ و شیعر و خوێنه‌ر ده‌گرێت، بۆیه‌ به‌ ئاگایه‌وه‌ زمان به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. سووك ناڕوانێته‌ ژن، به‌ڵكو رۆحی ده‌وێنێت، ساده‌ ده‌نووسێت، به‌ڵام بێ مانا نانووسێت، ره‌شبین نییه‌ و ژیانمان له‌ به‌رچاو ناخات، به‌ڵكو هیواو ئومێدمان به‌ ژیان جوانتر ده‌كات و وامان لێ ده‌كات هه‌میشه‌ ژیان دۆست بین و ژیانمان خۆشبووێت.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

ڕاپۆرتی ئێوارە کۆڕەکەی کومیتەی ئەدەبی “ڕۆژەڤ”

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *