بەڕێوەچوونی کارگەی چیرۆکنووسیی منداڵ و تازەلاو لە پەراوێزی فێستیواڵی سەراسەریی چیرۆکی کوردیی مەهاباد
هاوکات لەگەڵ یەکەمین رۆژی فێستیواڵی سەراسەریی چیرۆکی کوردیی مەهاباد، کارگەی چیرۆکنووسیی تایبەت بە منداڵان و تازەلاوان لەلایەن رێکخراوەی هۆزانی هونەر و ئەنجومەنی ئەدەبیی موکریانی مەهاباد بەڕێوەچوو. ئەم کارگەیە بە وانەبێژیی ئارش مێهرەبان، نووسەر و توێژەری ئەدەبی منداڵ و گوڵاڵە ستاوەند، شێوەکاری کتێبی منداڵ، لە دوو پاژی سەرلەبەیانی و دوانیوەڕۆی رۆژی یەکەمی فێستیواڵەکە بەڕێوەچوو و لەلایەن منداڵان و بنەماڵەکانەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا.
ئارش مێهرەبان لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ئەم بەرنامەیەدا جەختی کردەوە:” گرینگدان بە منداڵان و تازەلاوان لە بەستێنی بەرنامە ئەدەبی و فەرهەنگییەکاندا، هەنگاوێکی گرینگ و کارایە بە مەبەستی باشتربوونی شوناسی فەرهەنگیی منداڵانی داهاتووی کۆمەڵگە.” ئەم کارگەیە بە ئامانجی ئاشناکردنی بنەمایی بەردەنگەکان لەگەڵ بنەماکانی چیرۆک و باشترکردنی لێهاتووییەکانیان لە دنیای نووسیندا بەڕێوەچوو.
لەم کارگەیەدا، بەشداربووان لەگەڵ چەمکگەلێک وەکوو پێکهاتە و پلاتی چیرۆک، خولقاندنی کەسایەتی، گۆشەنیگای گێڕانەوە، جۆرەکانی خولقاندنی بیرۆکە و شێوازی شێوەکاریی کتێبی منداڵ ئاشنا بوون. بەشی کردەیی کارگەیش دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەو تازەلاوانە، بە هاوکاریی وانەبێژ چیرۆکگەلێک بخولقێنن و بەشێک لەو چیرۆکانە لەو کۆڕەدا بخوێننەوە. ئەو چیرۆکانەی نووسرابوون، جێی سەرنج و داهێنان بوون و دەرخەری توانست و لێهاتووییەکانی نەسڵی داهاتووە لە بەستێنی ئەدەبیاتدا.
کۆتایی ئەم رێوڕەسمە، پێشکەشکردنی بەرهەمی چیرۆکی کورتی تازەلاوان و پێشەشکردنی مۆسیقا لەلایەن گرووپی هونەریی قوتابخانەی مامناوەندی بەهەشتیی ١ی مەهاباد بوو کە کەشێکی خۆشی بەخشییە کارگەکە.
خاڵی جێی سەرنجی فێستیواڵی چیرۆکنووسیی مەهاباد ئەوە بوو کە بایەخ و سەرنجێکی باش درایە ئەدەبی منداڵ و تازەلاو. جیا لەم کارگەیە، پانێلێکی زانستیی تایبەت بە تەوەری ئەدەبی منداڵ بەرێوەچوو کە تێیدا توێژەران و شێوەکاران، پەرژانە سەر لێکدانەوەی ڕۆڵ و پێگەی ئەدەبی منداڵ بەتایبەت چیرۆک لە گەشەی فەرهەنگیدا.
وەها ڕوانینێک دەرخەری ڕوانگەی داهاتووخوازانەی بەڕێوەبەرانی فێستیواڵە، روانینێک کە جەخت دەکاتەوە لەسەر گەشەی ژێرخانی هزری و هونەرییەکانی نەسڵی داهاتوو.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.