خانه / اخبار و رویدادها / پێویستە سووڕانی دارایی کۆمپانیاکانی کەرتی کانگا لە کوردستان بگەڕیتەوە بۆ ناوخۆی پارێزگا

پێویستە سووڕانی دارایی کۆمپانیاکانی کەرتی کانگا لە کوردستان بگەڕیتەوە بۆ ناوخۆی پارێزگا

پێویستە سووڕانی دارایی کۆمپانیاکانی کەرتی کانگا لە کوردستان بگەڕیتەوە بۆ ناوخۆی پارێزگا

سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند: پێویستە کۆمپانیا چالاکە وەبەرهێنەرەکانی کەرتی کانگای پارێزگای کوردستان، هەژماری بانکی خۆیان لەم پارێزگایەدا بکەنەوە.

پێگەی هەواڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی»، ئەرسلان ئەزهاری، ڕۆژی پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی، ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پارێزگای کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرچاوە بانکییەکانی پارێزگای کوردستان تەنیا ٦دەیەم لە سەدی کۆی سەرچاوەکانی وڵات لە خۆ دەگرن و پێویستە کۆمپانیا و کانگا چالاکەکان، لە ناوخۆی پارێزگادا هەژماری بانکی و سووڕانی داراییان هەبێت تاکوو ئیمکانیاتی بانکی و قازانجیان بگاتە پارێزگاکە.

ئەزهاری وێڕای ئاماژە بەوەی کە کوردستان سوود لە چالاکیی ئابووری ئەو کۆمپانیانە نابینێت، گوتی: ئەمە ئەرکێکی یاساییە و داواکارییەکی مکۆڕی ئێمەیە، کۆمپانیاکانی کانگا و وەبەرهێنان کە لێرە ئیش دەکەن پێویستە هەژماری بانکی خۆیان لە پارێزگاکەدا بکەنەوە.

ئەزهاری بەشەکانی ئاو، کشتوکاڵ، پیشەسازی و کانگا، گەشتوگوزار و بازرگانی وەک پێنج تەوەری گەشەسەندنی پارێزگا دەستنیشان کرد و لە درێژەدا ئاماژەی کرد: یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو پارێزگایە کانگاکانە و پێویستە مافی دەوڵەتیی کانگاکان بگەڕێندرێتەوە بۆ پارێزگا.

ئەزهاری ڕایگەیاند: لە ساڵی ۱۳۹۲ تا ۱۴۰۰ نزیكەی ۱۶۰۰ ملیار تمەن لە مافی دەوڵەتیی کانگاكانی پارێزگای كوردستان خراوەتە سەر حسابی خەزێنە، کە بە پشت‌بەستن بە مادەی ۴۳ لە یاسای پلانی شەشەمی گەشەپێدان، دەبێت تاکوو ئێستا ١٥ لە سەدی ئەو مافە دەوڵەتییە (نزیكەی ۲۴۰ ملیار تمەن) بە مەبەستی دروستکردنی ژێرخانەکان تەرخانکرابا بۆ پارێزگاکە، بەڵام لەو ڕێژە تەنیا ۲۳ ملیار تۆمان (۱٫۴%) دراوە بە پارێزگا.

سەرۆكی ڕێكخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی كوردستان ڕایگەیاند: یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی پارێزگاكە لە كەرتی كانگاکاندا گەڕانەوەی بەشە مافی دەوڵەتییە بۆ سەر حسێبی پارێزگاكە خۆی و گوتی: بەپێی یاسا دەبێت كانگاكانی پارێزگا یەک لەسەدی فرۆشیان بخەنە سەر حسێبی خەزێنە تاکوو دووبارە بۆ پارێزگا خەرج بکرێت، کە هێشتا بڕە پارەیەکی بەرچاو لەم بەشەدا نەگەڕێندراوەتەوە.

ئەزهاری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمساڵ لەلایەن ڕێبەری مەزنەوە وەک ساڵی بەرهەمهێنانی زانست تەوەر و کارخولقێن ناوزەد کراوە و لەم ڕووەوە هەموو بەرنامەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ئەمساڵدا لە پیناو بەدیهینانی ئەم دروشمەدا داڕێژراون.

ئەزهاری زیادی کرد: بۆ هەر شار و قەزایەکی پارێزگای کوردستان ڕێژەیەکی گەشەی ئابووری ڕەچاو کراوە و پێویستە کەرتە جیاوازەکان بۆ هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی ئەم گەشە ئابوورییە پابەند بن.

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕێژەی گەشەی ئابووری پێشبینی کراوی ئەمساڵ لە کەرتی کشتوکاڵدا ۱۳٫۲%، پیشەسازی ۹٫۸%، کانگا ۲۱٫۴%، خزمەتگوزارییەکان ۶٫۹% دانراوە، و بە گشتی بۆ کەرتە جیاوازەکان و شارستانەکانی پارێزگا ڕێژەی گەشەی ٨.٥٪ لە بەرچاو گیراوە.

سەرۆكی ڕێكخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی كوردستان جەختی كردەوە: بەدواداچوون دەكەین بۆ بەدیهێنانی ئەم گەشەی ئابوورییە، كە بەشێكی زۆری بەستراوەتەوە بە بەرهەمهێنانی بەرزتر و باشتر لە كەرتە جیاوازەكاندا، بە تایبەت کەرتی كانگاكان.

ئەزهاری ڕایگەیاند: لە ئێستادا ۶۲%ی یەكە پیشەسازییەكانی پارێزگاكە بە توانای ۱۳ هەزار و ۷۹ كەس ئیش دەكەن، هەروەها ۱۹۸ یەكەی پیشەسازی نیمچە چالاك بە توانای كەمتر لە ۵۰% لە پارێزگادا هەیە، كە ئەگەر ئەوان بە هەموو توانای خۆیانەوە چالاک بن، دەرفەتی دامەزراندنی زیاتر لە ٢ هەزار و ٥٠٠ کەس دەڕەخسێنن.

ناوبراو باسی لە ۱۶۵ یەکەی پیشەسازی ناچالاك کرد، کە لەو ژمارەیە ۶۱ یەکە توانای گەڕانەوەیان هەیە بۆ بازنەی بەرهەمهێنان، و لە ساڵی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا ۹ یەکە دووبارە کەوتونەتە گەڕ.

سەرۆكی رێكخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی كوردستان، بە ئاماژەدان بە چالاكیی ۱۲۰ یەكەی زانست تەوەر لە پارێزگاكەدا، زیادی كرد: کاتێک ئەو یەكانە دەتوانن كاریگەر بن کە بیرۆكەكانیان بگاتە قۆناغی بەرهەمهێنان و چالاکیی بازرگانی، بەڵام پارێزگا لەم بوارەدا بە شێوازی پێویست سەركەوتوو نەبووە.

ناوبراو نرخی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا زانست تەوەرەکانی پارێزگای لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی ۳۲ ملیار تمەن ڕاگەیاند و وتی: بە لەبەرچاوگرتنی توانای یەکە زانست تەوەرەکان لە وڵاتدا، توانای پارێزگاکەمان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە هێندە بەرچاو نییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەزهاری ڕایگەیاند: لە فرۆشتنی موڵکی زیادەی ئۆرگانە جێبەجێکارەکاندا (تێبینی ١٨) ئەمساڵ دەسەڵاتی پێویست بە پارێزگاکان دراوە و لیژنەیەک لەو بارەیەوە پێکهێنراوە. جەختی لەوەش كردەوە، لەم لیژنە هەر بڕیارێك دەربچێت دەبێت جێبەجێ بکرێت، و گوتی: ساڵی رابردوو ۱۴۹ مۆڵەتی فرۆشتنی موڵكی زیادە دەستنیشان كراوە و دەرچووە، كە ۳۱ موڵکیان بە بەهای ۶۰ ملیار تمەن فرۆشراون، و بەهای ۱۱۸ موڵكی تر بە نرخی ساڵی ڕابردوو ۲ هەزار و ٢٠٠ ملیار تمەنە، کە پێویستە دەزگا جێبەجێکارەکان پلانی فرۆشتنیان جێبەجێ بکەن.

سەرۆكی رێكخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی كوردستان لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد: لە میانی سەردانەكەی سەرۆك كۆمار بۆ پارێزگای كوردستان، ۱۸۹ بڕیارنامە لە كەرتە جیاوازەکاندا بۆ پارێزگا پەسەند كرا، کە هیوادارین لەگەڵ جێبەجێكردنیاندا، شایەتی گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە بەشە جیاوازەکانی ئابووری، ژێرخان و وەبەرهینانی پارێزگادا بین.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

ژمارەی نوێی گۆڤاری دیوان بڵاوكرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *