چه‌ند سه‌رنجی خێرا له سه‌ر پوپولیزمی ئەده‌بی
ڕەزا عەلی‌پوور
۱-پوپولیزمی ئەدەبی واتە ئەو چه‌شنه نووسینه‌ی بۆ ڕاکێشانی به‌رده‌نگی فراوان، ڕووده‌کاته ساکارکردنەوە، ورووژاندنی سۆزی خاو، هەڵپەساردنی ئەندێشە، به‌کارهێنانی زمانی سواو و خه‌یاڵکردی تەنک، ڕگەزی هەست‌بزوێن و گێڕانه‌وه‌ی یه‌ک‌توێ. لەو جۆرە ئەدەبەدا، ئاستی ئەده‌بی، تێڕامان، جوانیناسی و ئاڵۆزیی فۆڕمی و فۆڕمی گران، ده‌کرێنه فیدای پێوه‌ندیی خێرا، زمانی به بریق‌وباق، تاوگیری و خۆش‌لێهاتنی جه‌ماوه‌ری. هەمان شت ئادورنۆ و هورکهایمێر وه‌ک قوربانی‌کردنی ئاڵۆزی و داهێنان، له پێناوی مه‌سره‌ف و بازاڕدا باسی ده‌که‌ن.
۲- جیا له «پیشه کو‌لتوور»ی فرۆشیار، گوتاره سیاسییه‌کان و به‌تایبه‌ت دوو گوتاری چه‌پ‌خوازیی ئورتودوکس و ناسیونالیزمی زێدەڕۆ و گشتخواز، خوازیار و مشته‌ریی هه‌میشه‌یی ئەده‌بی پوپولیستین، چونکوو هه‌ردوو، ساکارکردن و یه‌کده‌ست‌کردنی زمانی پێڕەو ده‌که‌ن، هەڵبەت بۆ دوو مه‌به‌ست و به دوو ئاراسته‌ی جودادا. ئەده‌بی پوپولیستیش به پشتیوانیی ئەو گوتارانه، هێژمونیی خۆی به‌سه‌ر داهێنان و ئەدهبیاتدا ده‌سه‌په‌نێت و ته‌نانه‌ت بۆی بلوێت زمانیش به بارمته ده‌گرێت، ئەمه‌ش مانای پەککه‌وتنی داهێنانه.
۳-پرسی سه‌ره‌کی ئەوه نییه نووسه‌ر و شاعیری پوپولیستی ناسراوتر و له ڕەواجتره، کێشە ئەوه‌یه پێوانه‌ی ئەده‌بی پوپولیستی ببێته پێودانگی ئەده‌بیاتی مودێڕن، تێڕامێن و داهێنه‌رانه، ناوی خۆی بنێ ئەده‌بی خەڵکی و هه‌ر ئەده‌بێکی دیکه که دانه‌چه‌مابێت بۆ زەوقی گشتی و باو، به تاوانی ئێلیتیزم، دژواری و ئاڵۆزبوون، پەڵەدار بکات.
۴-پوپولیزمی ئەدەبی، ئەده‌بیاتی خه‌ڵکی (popular literature) نییه، ئەده‌بیاتی خه‌ڵکی گه‌ر ساده‌یش بێت، بەڵام ده‌کرێ دروشمی نه‌بێت و ئەزقه‌زا توانستی ئەزموون و به‌رهه‌مهێنانی مانا و مه‌عریفه‌سازیشی ببێت. ئەده‌بیاتی خه‌ڵکی، ده‌توانێت “خەڵک” به‌رهه‌م‌بهێنیت و بەشەده‌نگی بێده‌نگ و په‌راوێزییه‌کانیش بدا.
۵- ئەگەر پوپولیزمی سیاسی، به ڕوانگەی لاکلائۆ مه‌رج و میکانیزمی سه‌رگرتنی دیموکراسیی رادیکاڵه و له ڕێگەی زنجیره‌ی هاوڕاژەیی، ده‌نگه لێک‌دووره‌کان کۆده‌کاته‌وه و ڕزگاریده‌رە، له هونه‌ر و ئەدهبیاتدا، ئەم میکانیزمه به‌پێچه‌وانه‌وه کار ده‌کات؛ پوپولیزمی ئەدەبی نه‌ک زنجیره‌ی هاوڕیزی، به‌ڵکوو یه‌کده‌نگی و یه‌کده‌ستی زمانی ده‌سه‌پێنێت و دابه‌زێنه‌ر و فریوده‌رە. له جیاتیی “تاک“ و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی People بەر‌هێنەر، ئاپۆره‌ی (Mass) به‌رخۆری ده‌وێت.
۶- ئێستا پانترین هێڵ و به‌ڕمێنترین گوتاری ئەده‌بی، لە مه‌یدانی ئەده‌بی کوردی‌دا، پوپولیزمی ئەده‌بی و نووسینی پوپولیستییه.
ئا: به پاڵپشتی گوتاره نا ئەده‌بی و سیاسییه‌کان.
ب: له کزیی ئەده‌بی مودێڕن و ته‌ناته‌ت پاشه‌کشێی ئەده‌بی خه‌ڵکی.
ج: به ناوکۆی سوشیال میدیا.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.