خانه / اخبار و رویدادها / کتێبی شێعری «مرۆڤەکان لەسەر پرد» کرایە کوردی

کتێبی شێعری «مرۆڤەکان لەسەر پرد» کرایە کوردی

کتێبی شێعری «مرۆڤەکان لەسەر پرد» کرایە کوردی

خاترە محەمەدی نووسەر و وەرگێڕی کورد کتێبی شێعری «مرۆڤەکان لەسەر پرد»ی لە نووسینی ویسواوا شیمبورسکا وەرگێڕان کردە سەر زمانی کوردی. چاپی یەکەمی ئەم کتێبە ئەمساڵ و لە لایەن چاپەمەنی تافگە چاپ و بڵاو کرایەوە.

ویسواوا شیمبورسکا

ناساندنی شاعێر: ویسواوا شیمبورسکا خانمە شاعێر و وەرگێڕی پۆڵەندی، ساڵی ۱۹۲۳ی زایینی لە شاری کراکۆف لەدایکبووە. ناوبراو لە زانکۆی یاگیلۆنیا و لە بەشی کۆمەڵناسی درێژەی بە خوێندن داوە و یەکەمین کۆمەڵە شێعری بە ناوی «هەر بۆیە ئێمە  زیندووین»

 (That’s Why We Are Alive)بڵاو دەکرێتەوە. شیمبورسکا لەبواری شێعر و وتار دەیان کتێبی نووسیوە و خەڵاتی زۆری پێ بەخشراوە کە گرینگترینیان خەڵاتی ئەدەبی نۆبل بووە کە ساڵی ۱۹۹۶ پێی بەخشراوە. شیمبورسکا ساڵی ۲۰۱۲ی زایینی و بەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی ڕاکۆڤیتسکی لە شاری کراکۆف دەنێژرێت.

خاطره محمدی

ناساندنی وەرگێڕ:

خاترە محەمەدی لەدایکبـووی سـاڵی ۱۹۸۹ی زایینی لە  شاری سنەیە و پلەکانی خوێندنی کارناسـی باڵای لە بەشی زمان و وێـژەی فارسی تـەواو کـردووە. ناوبراو هەر لە  سەردەمی خوێندکاری زانکـۆەوە واتا سـاڵی ۲۰۰۸ دەستی بە نووسین کردووە و بۆ هەندێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی  تـاران چیرۆکی نووسیوە. یەکـەم کتێبی چاپکراوی کۆمەڵە چیرۆکێکی فارسییە بـە نـاوی «دیـر بجنبـی اتفاق شـومی  می‌افتد» (درەنگ بجووڵیتەوە شـتێکی خـراپ ڕوو دەدات).

دواتر ڕۆمانێکی فارسـی بە ناوی «اسـتحالە جاهـای خالی» (گۆڕانـی جێگە بەتاڵەکان) لـە چاپ داوە. ناوبراو لە فێستیڤاڵی گەلاوێژی ساڵی ۲۰۲۲ بۆ کورتە چیرۆکی «چاوەڕیم  کەسێک تەلەفۆنم بۆ بکات» بووە بە براوەی خەڵاتـی یەکەمی چیرۆک. هەروەها ساڵی ۲۰۲۴ کۆمەڵە چیرۆکی فارسی بە ناوی «مراسم تدفین در گورستان ارنان»ی لە چاپ داوە.

 

پێشەکی وەرگێڕ لەنێو کتێبەکە:

“مرۆڤەکان لەسەر پرد” تەنها کۆمەڵە شیعرێک نییە، بەڵکو سەفەرێکە بە ناو دنیای ویسواوا شیمبورسکا، شاعیرێک کە بە سادەیی و ژرفای قسەکانی، دڵ و مێشکمان دەکاتەوە بە پرسیار و تێفکرین. لەم وەرگێڕانەدا، هەوڵم داوە کە چەشنی سەحر و سۆزی شیعرەکانی شیمبورسکا بە زمانی کوردی سۆرانی بگەیەنم، بەڵام هەر وەرگێڕانێک، هەرچەندە بە وردی بێت، کەم و کورتییەکانی خۆی هەیە. زمانی شیعر، وەک دەریایەک، قووڵ و پڕ لە نهێنییە، و من تەنها هەوڵمداوە کە کەمێک لەم دەریایە بکەم بە بەشێک لە دنیای خوێنەری کورد.

شیمبورسکا لەم شیعرانەدا، ژیان و مرۆڤایەتی بە شێوەیەک پیشاندەدات کە هەم دڵتەنگمان دەکات و هەم پێمان دەکەنێت بە سەرگەردانییەکانی خۆمان. لە “مرۆڤەکان لەسەر پرد”، هەر وشەیەک وەک گەشتێکە بە سەر پردێک کە هەم واقیعە و هەم خەون. هیوادارم بە ئەم وەرگێڕانە بتوانن کەمێک لەو سەحرەی کە من لە شیعرەکانی شیمبورسکا هەستم کردووە، بۆ ئێوەش بگوازنەوە. سپاس بۆ هەر چاوەکانی کە بەم کاغەزانەدا تێدەپەڕن، و هیوام وایە دەنگی ئەم شیعرانە لە دڵتانەوە بە خەبەر بمێنێتەوە.

 

 خاترە محەمەدی لەسەر ئەوەیکە چۆن بوو کە دەستی دا بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە دەڵێت:

بە راستی کاتێک بۆ یەکەمجار شیعرەکانی ویشواوا شیمبورسکام خوێندەوە، شتێک لە زمانەکەی، لە سادەیی قووڵەکەی، لە سەیرکردنی مرۆڤانە و وردەکەی بە وردەکارییەکانی ژیان، تەکانی دام. کتێبی “مرۆڤەکان لەسەر پرد” بۆ من تەنها کۆمەڵە شیعرێک نەبوو، بەڵکو پردێک بوو لە نێوان ئەزموونە هاوبەشە مرۆڤییەکان، لە نێوان گومان، دوودڵی، هومێد و تەنیایی. هەستم کرد ئەم دەنگە دەتوانێت بە زمانی کوردیش دەنگ بداتەوە، و لەوانەیە بتوانێت خوێنەری کوردزمانیش بۆ بیرکردنەوە و هاوسۆزی بانگ بکات. بۆیە بڕیارم دا دەست بەم وەرگێڕانە بکەم؛ کارێک لە دڵ، بۆ دڵ. 

 

 سێ نموونە شێعری ئەم کتێبە:

۱

دوای هەر شەڕێک

پێویستە کەسێک تەخشان‌وپەخشانەکان کۆکاتەوە

سەقام و نیزام

خۆسەرانە دانامەزرێ

پێویستە کەسێک داڕووخانی سەر جادەکان بسڕێنێ

بۆ ئەوەی سەیارە پڕ لە تەرمەکان‌دا

تێپەڕن

 

 

۲

کۆنترین یاساکانی خەیال بەکاردەهێنم،

ئەمە یەکەم جارە لە ژیانمدا بانگی مردووەکان دەکەم،

بەدوای ڕوخساریاندا دەگەڕێم، گوێ لە هەنگاوەکانیان دەگرم،

هەرچەند دەزانم ئەوەی که مردووە بەتەواوی مردووە.

 

 

۳

لەسەر چ مێزێک دەبێت گفتوگۆ لەسەر ژیان و مردن بکەیت؟

مێزی خڕ یان مێزی چوارگۆشە

لە هەمان کاتدا

خەڵک ون ده‌بوون

ئاژەڵەکان دەمردن

خانووەکان دەسووتان

وە کێڵگەکان نەزۆک دەبوونەوە

وەک چۆن لە سەردەمی کۆندا، سیاسەت کەمتر بوو.

 

ئەحمەد عەبدولحەکیمی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

برپایی سالن چاپ در نمایشگاه کتاب

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *