بنیاتی هونەری و خەوشەکانی گێڕانەوە لە رۆمانی(کتێبفرۆش)دا
پ.د. نەجم ئەڵوەنی
رۆمانی(کتێبفرۆش)، سێیەم رۆمانی نووسەر و رۆماننوس (سابیر رەشید)ی هاوڕێمە و چاپی یەکەمی کتێبەکە لە ساڵی ۲۰۲۰ دا بڵاوکراوەتەوە و ئێمەش لەم وتارە رەخنەییەدا پشتمان بەو چاپە بەستووە.
کۆمەڵێ بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەم لەم رۆمانەدا باسکراون، رۆماننووس هەوڵیداوە رۆشنایی بخاتە سەر داب و نەریتی خێڵەکی کورد و عەرەب و جیاوازیی ئاینی و رێگری لە ژیانی هاوسەریی نێوان دوو کەسی سەر بە دوو ئایینی جیاواز، وەک موسڵمان و کریستان یان موسڵمان و سابئیی. کارەکتەری سەرەکی ئەم رۆمانە شاعیر و کتێبفرۆشە، ناوی(ئومێد)ە و کەسێکی چەپڕەوە، بۆ کتێبکڕین دەچێتە بەغدا و شەوانیش بۆ زەوق و رابواردن سەردانی نایت کڵاپی(ئاسیاوی سوور) دەکات. لەوێ دڵی دەچێتە سەر ژنێکی لەشفرۆشی زۆر جوان و بڕیار دەدات لەوێ رزکاری بکات و بیکاتە هاوسەری خۆی. ئەو ژنە لە دەست زڕدایکەکەی لەگەڵ ئامۆزایەکی خۆیدا بۆ بەغدا هەڵاتووە و پاش مردنی ئامۆزاکەی بەن ەخۆشیی شێرپەنجە و بە هاندانی مەریەمی دراوسێیان، لەو نایت کڵاپە دەست بە لەشفرۆشی دەکات و بەمجۆرەش بژێوی ژیان بەدەست دەهێنێ.
بە هۆی کتێبفرۆشییەوە ئومێد زۆر کەس دەناسێ و کتێبی قەدەغەکراو بە ئەوانە دەفرۆشێت کە زۆر متمانەی پێیانە، یەکێک لەوانە(چیاد عوگڵە خڵەیف)ی مەخموورییە کە بەناوی(عەباس سوڵتانی) خۆی بە ئومێد ناساندووە، گوایە جێگری ئەفسەرە لە سوپای عێراق و کەسێکی نەیاری بەعس و حوکمی سەدامە، لە کاتێکدا خۆی مفەوەزی ئەمەنە و ئەوان دوای ئەوەی دەیخەنە خولی راهێنان و فێرکردنی زمان و خوێندنەوەی کوردییەوە، رایدەسپێرن بۆ ئەوەی چاودێریی کتێبفرۆشەکانی شاری هەولێر بکات و راپورتیان لەسەر بنووسێت.
ئومێد هاوسەریی لەگەڵ ئەو ژنەدا دەکات کە لە کتێبەکەدا بەناوی(خاتوون) ناسراوە و لە بنەڕاتدا خەڵکی بەردەڕەش بووە و لەبەر دوژمنایەتیی خێڵەکی ماڵیان گواستووەتەوە بۆ شاری موسڵ و لەگەڕەکی(مەیدان) لە خانوویەکی کۆندا ژیاون کە بەکرێیانگرتووە. خاتوون و ئومێد لە (کوران) پێکەوە دەژین. جارێکیان لە بازگەیەکی نێوان کەرکووک و هەولێر، ئومێد بە چەند کتێبێکی مارکسییەوە دەگیرێ و بە هۆی ئەشکەنجەیەکی زۆرەوە پیاوەتی لە دەست دەدات. ئەمەش ساردی دەخاتە نێوان خاتوون و ئومێد -ەوە، جگە لەوەی رۆژان ئومێد لە بن دیواری دادگەی هەولێر خەریکی کتێبفرۆشی دەبێت و شەوانیش خەریکی شیعر نووسین و کتێب خوێندنەوە دەبێت، کە ئەمەش زیاتر درز دەخاتە نێوان خۆی و خاتوونی هاوسەرییەوە.
خاتوون دەکەوێتە داوی خۆشەویستی گەنجێکەوە ناوی(رێدار)ە و تەمەنی بیست و دوو ساڵە، دوکانی لە بازاڕی کوران هەیە. بە بڕیاری دادگە، خاتوون لە ئومێد جیا دەبێتەوە و شوو بەو کوڕە دەکات و خانووەکەش کە پێشتر ئومێد بە ناوی ئەویەوە کردبوو دەستی بەسەردا دەگیرێ و ئومێد ناچار دەبێت بچێتە ماڵی(نەسرین)ی خوشکی و لەوێ هەست بە نامۆییەکیی تەواو دەکات. ئەم رووداوانە زۆر کاری تێ دەکەن، تەنانەت تاقەتی شیعر نووسین و کتێب خوێندنەوەشی نامێنێ و بڕیاردەدات خۆی بکوژێت. لە رۆژێکدا کە ماڵی خوشکی لەوێ نابن، دەچێتە سەربان و دەیەوێ خۆی بخاتە خوارەوە، بەڵام لەسەرەتای رۆمانەکەوە تا دەگاتە کۆتایی، هەرجارێک قسە و باسێکی خۆی و هاوڕێیەکانی بیر دەکەوێتەوە، بەمەش کرداری خۆ کوشتنەکەی دوا دەکەوێت.
ئومێد وەک کارەکتەری سەرەکی ئەم رۆمانە، لە رووی بنیاتی دەروونی و هزرییەوە کەسێکی زۆر ئاڵۆزە و نموونەیەکی گرنگ و پڕ بایەخی چەپەکانی باشووری کوردستان و بە تایبەتی خەڵکی شاری هەولێرە. لەلایەک هەڵگری هزری مارکسییە، بەڵام سەر بەهیچ حزب و رکخراوێکی دیاریکراو نییە، مرۆڤێکی یاخییە لە بیرکردنەوەی باو و گوێ بە داب و نەریت نادات، هەر ئەمەش وا دەکات بوێریی ئەوەی هەبێت ژنێکی سۆزانی لە یانەیەک دەربهێنێ و بیکاتە هاوسەری خۆی، بێ گوێدانە تانە و قسە و قسەڵۆکی خەڵکی، لە لایەکی دیکەوە لە ناخەوە کەسێکی بڕوادارە و ئەمەش هانی دەدات وەک خێر و چاکەیەک ئەو ژنە لەو ژیانە قێزەوەنە رزکار بکات و وەک فریشتەیەکی سەر زەمین سەودای لەگەڵدا بکات، ئەم هەڵوێستەشی هزرێکی ئاینیی لە پشتەوەیە. کارەکتەرێکی رۆشنبیر و خۆڕاگرە و تەنانەت تووندترین ئەشکەنجەکانی نێو زیندانە تاریکەکانی ئەمەنی بەعس ناتوانن بیڕۆخێنن و چۆکی پێ دابدەن، مرۆڤێکی بە بەزەیی و بەخشندەیە و تەنانەت بۆ مردنی چیاد دەگری لە کاتێکدا ئەو کارەکتەرە لە پێش ئەمدا دانی بەوەدا ناوە کە ئەمنە و راسپێردراوە راپۆرتیان لەسەر بنووسێ و بەگرتیان بدات. لە کۆتاییەکانی رۆمانەکەدا ئەوە دەردەکەوێت کە ئەو کارەکتەرە لەلایەن دایەرەی ئەمنەوە فەرمانی پێکراوە ئەم بکوژێ و دەمانچەی لێ رادەکێشێ، بەڵام دوایی پەشیمان دەبێتەوە و لە ژێر کاریگەری کۆچی دوایی عوەیشەی دولبەریدا خۆی دەکوژێت و دەفتەری یادداشتنامەکەی لێ بەردەبێتەوە و ئەمیش لای خۆی هەڵی دەگرێت و پاش سێ ساڵ لە گرتنی لە زیندانی ئەبو غرێب، لە سەربانی ماڵی خوشکەکەی دەست بە خوێندنەوەی دەکات و بە کوڵ بۆ ئەو کەسە دەگری و خوزگە دەخوازێت هەر ئەو کاتە ئەمی بکوشتایە و لە دەست ئەمژیانە ناخۆشە رزگار بکردایە کە بەبێ خاتوون هیچ مانایەکی نەماوە.
لەم رۆمانەدا نووسەر خۆی تەرخانکردووە بۆ باسی ژیانی کۆمەڵێ کتێبفرۆشی شاری هەولێر، لە خۆشی و مەینەتییەکانی ئەوان دەدوێت. ئەمە یەکەم رۆمانی کوردییە تایبەت کرابێت بە باسکردنی ئەمجۆرە بابەتە، بەمەش زانیارییەکی باشمان لە بارەی ژیان و باری دەروونیی و فرتو فێڵ و چارەنووسی ئەوانەوە پێ دەدات و خەسڵەتێکی واقیعی بەدەقی رۆمانەکە بەخشیوە.
ئەوەی لە رووی هونەرییەوە زیانێکی گەورەی بەم رۆمانە گەیاندووە، کۆمەڵێ هەڵەی زەقە کە بە سەر رۆماننووسدا تێپەڕیوە و هەستی پێ نەکردوون. لێرەدا بە کورتی و لە رێی چەند خاڵێکەوە ئاماژەیان پێدەدەم:
۱ـ نووسەر دەڵێت: خاتوون تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە و بە باشی نەیتوانیووە هەموو کتێبێکی کوردی بخوێنێتەوە، کەچی لە لاپەڕە ۲۷)) دا دەڵێت: «زیاتر حەزی لە دیوانی شاعیرانی کلاسیکی کوردی بوو»، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین خوێندنەوە و تێگەیشتن لە شیعری کلاسیکی کوردی پێوێستی بەزانیارییەکی باش هەیە و بێ زانینی زمانی فارسی و عەرەبی و تاڕادەیەکیش تورکی و ئاشنابوون بە هونەرەکانی رەوانبێژی هەرگیز خوێنەر لەو جۆرە شیعرانە تێ ناگات و چێژی لێ نابینێت.
۲ـ لە لاپەڕە (۲۸-۲۹)دا دەردەکەوێ کە ئومێد زانیویەتی خاتوونی ژنی، پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ رێداری دوکاندار هەیە، کەچی رێگری لەو کارە نەکردووە و هیچ هەڵوێستێکی نەنوواندووە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کردارە ئابڕووبەرە بهێنێ، بە بیانووی ئەوەی نایەوێت ئەو گەنجە تەمەن بیست و دوو ساڵەببینێت نەوەک هەڵچێ و دەستی بچێتە خوێنێ ،لەکاتێکدا ئەم کردەوەیە وەک خۆی دەڵێت لە کەسێکی شاعیر ناوەشێتەوە.
۳ـ چۆن دەبێت ئومێد وەک کەسێکی ڕۆشنبیر و خاوەن هزر بڕیار بدات لە پێناو ژنێکی شەهوەت پەرەست و بێ وەفا و ڕابردوو ناپاکدا خۆی بکوژێ، ئەم هەڵوێستە لە بەهای هونەری و کەسایەتی فیکریی کارەکتەرەکەی کەم کردووەتەوە.
۴ـ نووسەر کارێکی باشی بۆ دروستکردنی دیاردەی فرە زمانیی کردووە، کاتێ رێیی داوە کارەکتەرە عەرەبەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ژوورەکانی زینداندا بە زمانی عەرەبی بدوێن و قسە لەگەڵ ئومێد دا بکەن، بۆ نموونە لە لاپەڕە۶۸,۶۹۷۰,۷۱ و هەندێ لاپەڕەی دیکەدا، بەڵام لە بەکارهێنانی زمانی عەرەبی، شێوە میللییەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە و بەشێکی بەزمانێکی پاراو و بەشێکی بە جڵفە نووسیوە و هەندێجاریش لە وەرگێڕانی ئەو ئاخاوتنانەدا بۆ زمانی کوردی دیسان هەڵەی تێدا کردووە.
۵ـ بەڕای من، رۆماننووس بۆی نییە وشە و دەستەواژە و زاراوە لە شوێنی شیاوی خۆیان بەکار نەهێنێ، کەچی لەم رۆمانەدا بە نموونە لە هەندێ شوێندا وشەی(تەلبەند)ی بەکارهێناوە لە جیاتی زیندان، لەکاتێکدا تا لاپەڕە(۱۸۵)، هیچ رۆژێک ئومێد لە ناو تەلبەند نەنراوە، بەڵکو زیاتر لە ژووری تاریک و بچووک و پیسدا زیندانیی کراوە. ئەم وشەیەش تا دەگاتە لاپەڕە ۱۸۷)) شەش جار بەکارهاتووەتەوە، بەڵام لە لاپەڕە(۱۸۹)دا بە دروستی هەمان وشەی بەکارهێناوە کاتێ باسی دیواری تەلبەندکراوی زیندانی(فەزیلییە) دەکات.
۶ـ نابێت رۆماننووس ئاماژە بە ناوی کارەکتەرێک بکات بەبێ ئەوەی زانیاریی لەسەر ئەو کارەکتەرە و چارەنووسی ئەو بەخوێنەرەکانی بدات، چونکە ئەمە کەلێن لە گێڕانەوەدا دروست دەکات، بۆ نموونە کاتێ بە سەیارەی لاندکرۆز، ئومێد و چەند زیندانییەکی دیکە بۆ بەغدا دەگوازرێنەوە بۆئەوەی بدرینە دادگەی شۆڕش، گێڕەرەوە لە ناو ئەو کەسانەدا ناوی(رزگار و توانا) دەهێنێت، کەچی دوایی ناگەڕێتەوە سەر باسی ئەوان و خوێنەر نازانێت چارەنووسی ئەوان چی لێهاتووە(۱۸۴).
۷ـ ئەگەر زیندان وەک لە لاپەڕە (۲۱۲ )ی ئەم رۆمانەدا باسکراوە، قوتابخانەی پەروەردەی هزری و خۆڕاگریی بێت، ئیتر بۆچی یەکێک لە مامۆستاکانی ئەو قوتابخانەیە کە ئومێدە دوای ئازاد بوونی لە زیندانی ئەبوغرێب و جیایوونەوەی خاتوون لەم کارەکتەرە، بڕیار دەدات خۆی بکوژێت؟ دەی بۆچی بەشێوەیەکی سروشتی دەستبەرداری ئەو ژنە نەبووە و وەک کەسێکی هەرزە و خەیاڵاویی رەفتاری کردووە…؟
۸ـ لە لاپەڕە(۲۱۲-۲۱۳)دا کاتێ ئومێد لە زیدانی ئەبوغرێب بووە، لە کاتی سەردانییەکانیدا ئەو شیعرانەی نووسیونی بە خاتوون یان نەسرینی خوشکی یاخود دلاوەری داوە و ئەوانیش بە ناوی (لە دەفتەری زیندانەوە)، بۆیان چاپکردووە، بێ ئەوەی بوێرن دانەیەکی بۆ ئەو ببەن.. نووسەر ئەم باسەی وەک هەواڵێک خستووەتە ناو دەقەکەوە بەبێ ئەوەی ئەوە روون بکاتەوە کە لەو دیوانەدا چ جۆرە شیعرێک نووسراوە و لە رووی ناوەڕۆکەوە باسی چی تێداکراوە و بەناوی خودی نووسەرەوە بڵاوکراوەتەوە یان بە ناوێکی خواستراو؟ چونکە ئەگەر ناوەڕۆکی شیعرەکان سیاسی بن وەک ناونیشانی دیوانەکە دەری دەخات، ئەوا دەزگای سانسۆری سەر بڵاوکراوەکانی عیراق رێی بە چاپکردنی نەدەدا و لەوانەشە مەترسیی بۆ سەر ژیانی ئومێد دروست بکردایە.
۹ـ ئەگەر ئومێد وەک لە دەقەکەدا باسکراوە، پاش سێ ساڵ زیندانی لە ئەبوغرێب بەر لێبوردنی گشتی کەوتبێت کە لە(۶-۹-۱۹۸۸) دەرچووە و پاشان لە (۱۴-۹-۱۹۸۸) جێ بەجێ کراوە و ئەویان بەرداوە کە بە کوشتنی مفەوەز ئەمن(چیاد عوگڵە) تاوانبارکراوە، ئەوا نووسەر لە رێکەوتی خۆکوشتنی ئەو کارەکتەرەدا هەڵەیەکی زەقی کردووە، چونکە یەکەم لاپەڕەی یادداشتنامەکەی ئەوی بە ڕێکەوتی ۱-۱-۱۹۸۹)) دیاریکردووە و دوالاپەڕەشی بە (۱۳-۲-۱۹۸۹)، واتە پاش خۆکوشتنی چیاد بە چوار ساڵ، لە کاتێکدا ئومێد بەوە تاوانبارکراوە کە ئەوی کوشتووە و بڕیاری زیندانی هەتا هەتایی لەلایەن دادگەی شۆڕشی بەعسەوە بەسەردا سەپێنراوە. بۆ ئەم مەبەستە بڕوانە لاپەڕە۲۲۲-۲۲۳)) کە باسی رێکەوتی بەردانی ئومێد لە زیندان و لاپەڕە ۲۳۸-۲۵۳)) کە باسی رێکەوتەکانی ناو یادداشتنامەکەی چیاد عوگڵە دەکات. ئەگەر ساڵی هەشتا و هەشت بکەینە بناغە و سێ ساڵی مانەوەی ئومێد لەزیندان لە بەرچاو بگرین، ئەوا دەردەکەوێ کە جیاد لە ساڵی ۱۹۸۵)) خۆی کوشتووە و هەر لەو ساڵەدا ئومێد بە تاوانی کوشتنی ئەو کەسە گیراوە. دەی ئیتر چۆن دەبێ
(۱-۱-۱۹۸۹) مێژووی نووسینی یەکەم لاپەڕەی ئەو یادداشتنامەیەی چیاد بێت کە دوای خۆکوشتنەکە لەدەستی بەربووەتەوە و ئومێد هەڵیگرتووەتەوە و پاش دەرچوونی لە زیندان و لە کاتی ئەوەی دەیەوێت لە سەربان خۆی بخاتەخوارەوە، دەستی بە خوێندنەوەی کردووە؟
۱۰ـ دوا سەرنج لە سەر ئەم رۆمانە ئەوەیە کە نووسەر ساتێکی قەیراناویی سەختی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەوێوە دەست بەگێڕانەوەی رووداوەکان بکات، ئەویش ئەو ساتەیە ئومێد دەیەوێت خۆی بکوژێ و لەسەر بانی ماڵی خوشکەکەیەوە خۆی هەڵدباتە خوارەوە. ئەگەر لە رووی دەروونییەوە لە مەودای ئەو جۆرە ساتانە بڕوانین بۆمان دەردەکەوێت کە ماوەکەی زۆر کورتە و لەچەند چرکە و خولەکێکی کەم تێپەڕ ناکات، چونکە ئەگەر لەوە زیاتر درێژە بکێشێت ئەوا کەسەکە پەشیمان دەبێتەوە. لەبەرئەوە نەدەبوو نووسەری ئەم رۆمانە بۆ گێڕانەوەی ئەو هەموو رووداوانەوە ساتێکی هێندە بەرتەسک هەڵبژێرێت.
سەیرتر لەو سەرنجانەش ئەوەیە رۆماننووس لە دوو رۆمانی خۆیدا دوو ساڵی جیاوازی بۆ لە دایک بوونی خۆی ئاماژەپێ کردووە:
لە کوێرەی چاوساغ، لاپەڕە (۱۹۳) نووسراوە ساڵی (۱۹۵۷) لەشەقڵاوە لە دایکبووە. کەچی لەم رۆمانەدا واتە لە کتێبفرۆش دا، لە لاپەڕە (۲۶۱) ساڵی(۱۹۵۶ ) کراوەتە ساڵی لە دایکبوونی نووسەر.