” ڕاپۆرتی ئێوارە کۆڕەکەی کومیتەی ئەدەبی ” ڕۆژەڤ “
٭ ( کومیتەی ئەدەبی ” ڕۆژەڤ ” ناوەندی فەرهەنگی – زانستی ڕۆنان) دووشەممە ۱۷ی بەفرانبار سەعات ۳ و نیوی پاشنیوەڕۆ، لە درێژەی زنجیرە باسە ئەدەبییەکاندا کۆڕێکی زانستی بۆ نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی کاک ” عادڵ محەمەد پوور” لە ژێر ناو ( زانستی عەرووز، بەستێنەکان و خەسارناسی شیعری عەرووزی ) بە ئامادە بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە نووسەران و شاعیران و خوێنەرانی شیعر و ئەدەبیات له ساڵۆنی کۆنفرانسی موجتەمع فەرهەنگی ئێرشاد ساز کرد.
٭ لە دەسپێکی کۆڕەکەدا “حەمەی کەریمی” بەرپرسی کومیتەی ئەدەبی ” ڕۆژەڤ ” و پێشکەشکاری کۆڕ، باسێکی کورتی ئەدەبی وەکوو بەراییەکی گشتی بۆ چوونە ناو باسە زانستییەکەی کاک عادڵ سەبارەت بە زانستی عەرووز و پێشینەی کارکردن بە وەزنی عەرووزی ) پێشکەش کرد.
دواتر کاک ” عادڵ محەمەد پوور ” باسە زانستییەکەی خۆی لە ۴۵ خولەکدا پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و ئاماژەی بە چەند خاڵ و باسی گرنگ کرد کە لە کۆی باسەکەیاندا هاتە ئاراوە. بۆ ئاگاداری خوێنەران پوختەیەکی کورت لە باسەکە دەخرێتە ڕوو.
بەڕێز ” محەمەدپوور ” سەرەتا باسی لە فەلسەفەی گؤڕانکاریی قۆناغەکانی مێژووی ئەدەبیاتی کرد و وتی:مێژووی ئەدبیاتی گەلان لە ڕەوڕەوەی مێژوودا بە هۆی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕانکاری بە خۆیەوە دەبینێت؛ لە فۆرمێکەوە بۆ فۆرمێکی تری زاڵی ئەدەبی پێ دەنێت و دەبێتە ناوەندی داهێنان و خەللاقییەت بۆ بەشێک لە شاعێران و نووسەران. زانستی عەرووز وەک فۆرمێکی ئەدەبی بۆ شێعری کوردی ئاوا ڕوڵێکی گێڕاوە سەرەتا نەبوە و وەک فۆرمی زاڵ سەریهەڵداوە و پاشان لە ماوەیەکدا پێکهاتەی دەشکێ و هەنووکە وەک وەجهی غاڵب لە نێو شاعێرانی هەورامی و سۆرانیدا کاریگەریی داناوە.بە سەرهەڵدانی قوتابخانەی سێکوچکەی بابان، لە لایەن مامۆستا نالی شارەزوورییەوە لە درێژهەناسەی نەریتی باوی ئەدەبیی هێجایی گۆران کە لە سەرەتای سەدەی یەکەمی کۆچییەوە کە “لۆگۆسانتراڵیزمی شێعری کوردی” بووە، لادەدات و ئوسلووبی عەرووز و غەزەڵ دەبن بە ڕەگەزی زاڵ و یەکەی سەرەکی شێعری کوردیی کورمانجیی ناوەڕاست و ئەزموونێکی زەبەندەی باش و ئەرێنی لەم بەستێنە ئەدەبییەدا دەخولقێت و هەمیش زمانی کوردیی ناوەڕاست هێژمۆنییەکانی خۆ دەسەلمێنێت.عەبدوڵڵا گۆران (١٩٦٢-١٩٠٤ز) بنیاتنەری تازەگەریی شێعری کوردی بە هۆی هەندێ میکانیزمەوە، ناچێتەوە سەر ئەو پێکهاتە شێعرییە و درێژەدانی بە عادەتڕەواجیی فۆرم دەزانێ و دەگەڕێتەوە بۆ ڕیتمی سیلابیکی گۆران/ هورامی و پێکهاتەی پێکهاتەکانی شێعری کوردی و ڕەسەنایەتی ڕیتمی پەنجە.گۆران پێی وابوو پڕۆسەی دەلالەت لە ئاسۆی بەیتە عەرووزییەکاندا تەواو دەبێ و هێڵی «یەکبوونی بابەتی و ڕیتمی ئەستوونی»ی شێعر، دەپچڕێت، بۆیە کۆشش دەکات لە سەر ڕیتمی پەنجە، با دێڕەکان کوڵ و کوڵتر ببنەوە و وەکوو شێعری باقی میللەتەکانیتر ڕێ ئاچۆخ بکات بۆ جیلەکانیتری نوێخوازی و ڕەهەندە ئازاد و سەردەمیەکانی دواڕۆژی شێعری کوردی.لەم ڕاستادا عادڵ محەمەدپوور تیشکی خستە سەر سێ چەمکی مۆسیقای شێعر: “کێش، ڕیتم و ئیقاع” و جیاوازییەکانی خستە ڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە عەرووز، زانستە و جۆری کێشی چەندی و گوزارەیەکی ئیسپاتییە و دەبێت بەرەبەرە لە ڕێچکەی دێڕەکەدا یەکسانیی دەنگ و برگەی درێت و کورت ڕەچاو بکرێت، ئەم یاسا سەری نەگرت دەبێت پەنا ببرێتە ئیختیاراتی شاعێرانە کە بۆ خۆی دەستتێوەردانێکە لە پڕۆسەی داهێنان و زەینییەتی شاعێر و پینە و پەڕۆکردنی و مەولاناش لەم دۆخە زۆر تووڕەیە: (مفتعلن، مفتعلن، مفتعلن. کشت مرا).بە هێنانەوەی وتەی دالامبر و تەمسیلی ئاسۆگەی (Lichtung)ی هەیدەگەر و وێنای شێعر کە دەروازەی هەستیی زمانە، وتی کە سەرجەم پێکهاتەی شێعرەکانمان بە تێکستە فۆلکلۆرییەکانەوە لە “هەتۆڵ مەتۆڵ”ەوە بیگرە تا “بەیت و حەیران و لاوک و سیاوچەمانە” لە سەر ئاسۆگەی تینەتی ڕیتمی زمانەکە و باری ژینمایەی سروشت و دیاردەناسیی کار و تەقالا و قاقبەی کەو و گۆرانی هەربەنە و بالۆرەی درەوان و سیاوچەمانەی لۆکەندن و… داهێنراون بۆیە ئیقاع ئامێزن و شەپۆلەدەنگەکان لە زەنجیرەی دێڕ و پێکهاتەدا، دۆخی دەنگ و بێدەنگ و درێژی و کورتی و لێکنەچوەکانی زانستی عەرووز، دەشارنەوە و بەردەنگیش چێژیان لێ دەبات و پێویستیش بە ئیختیاراتی شاعێرانە و پینە و پەڕۆ کردن نییە.لە کۆتاییدا ئیشارەی بە دوو چەمکی شێوازناسی “عادەت برەوی و عادەت زودایی”ی کرد و وتی با تۆزێک لە نەریتی باویش لا بدەین ئەگەر قەرارە غەزەڵی عەرووزی بێژین، با شاعێری غەزەڵنووسمان تەنیا بە دو سێ کێشی ئاسانی عەرووزی(ڕەمەڵ و هەزەج و ڕەجەز) غەزەڵ دانەنێن، بەڵکوو بە زێحافەکانیتریش شێعر بێژین یا ببن بە داهێنی کێشێکی تازەتر جیا لە بازنەکانی خەلیلی فەراهیدی کە منی خوێنەری ڕەخنەگر لەو بازنە ئۆگرانەدا وەڕس نەبم.
عادەت شکێنی و داهێنانی کێشی تازەتر کە ئەساسی داهێنانە؛ ببێت بە ڕەفتارێکی هونەری شاعێرانی غەزەڵبێژ.
دوا بە دوای پێشکەشکردنی باسەکە، بە پێی کاتی دیاریکراو، لە ۹۰ خولەکدا، گفتگۆیەکی چڕ و پڕ و باسهەڵگر و پرسیارتەوەر، لە نێوان ئامادەبوان و نووسەردا هاتە ئاراوە و هەر کەسەو لە گۆشەنیگایەکەوە بۆچوون و ڕەخنە و خوێندنەوەی خۆی سەبارەت بە کۆی باسەکان دەربڕی. بەدیارترین باس و لێدوانەکان لەم بەشەدا سەبارەت بە کۆی باس و ڕەخنە و بۆچوونەکان لە لایەن ئەم بەڕێزانەوە بوو.
[ د.مەنسوور رەحیمی، دانا مەنووچێهری، سابیر عەزیزی، کامیل داوەری، جەماڵ ڕەسووڵی، حیکمەت موحەمەدی، مادێح کۆنەپۆشی، شارۆ، حەکیم رەسووڵی . ]
ئاماژە: ئەم کۆڕەش وەکوو پانێل و کۆڕەکان تری کومیتەی ئەدەبی ” ڕۆژەڤ ” بەستێنێکی فراوان و گفتگۆیەکی جیدیی بۆ هێنانەئارای پرس و بابەتی جیاواز و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە بۆ بابەتەکان ساز کرد و لە لایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا.
” ڕۆژەڤ ” هەر دوو هەفتە جارێک پانێلێکی ئەدەبی بە شێوەی کۆڕ و کۆنفرانس بۆ نووسەران، شاعیران، ڕەخنەگران و لێکۆڵەرانی ئەدەبی ساز دەکات.
ئامادەبوونی نووسەران و خوێنەرانی چالاکی شیعر و ئەدەبیات لە کۆڕە ئەدەبییەکانی ” ڕۆژەڤ ” دا دەبێتە هۆی گەشەسەندنی پرۆژەی ئەدەبییەکان و ورووژاندنی پرس و بابەتی جیاواز و سازکردنی دیالکتیک و تێگەیشتنی درووست لە بابەتەکان.